پێشەکی

پی دی اف دانلوود کنید
همچنین در دسترس: English فارسی آذری

کۆماری ئیسلامی هەر یەکێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان نیە، بەڵکو تەنیا تێیۆکراسیە (دیکتاتۆری ئایینی) لە سەردەمی نوێدا. هۆکاری لە دایک بوونی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپەرینێک کە هەر زوو نیشانەکانی توندوتیژی پێوە دیار بوو. لە پاش ڕاپەڕین زۆری نەکێشا کە توندوتیژی باڵی بەسەر تەواوی وڵاتدا کێشا. توندوتیژی لە کاتی ڕاپەرین دا شتێکی سەیر و چاوەڕوان نەکراو نیە، بەڵام جیاوازی لەوە دابوو کە ئەو حیزبەی لە پشت ڕاپەرینەوە بوو و دواتر دەسەڵاتی گرتە دەست، بەرگێکی تازەی پپێبەخشی، ئەمەش بە پێناسەکردنی وەک ئەرکێکی ئایینی و هەروەها بەرێوەبردنی عەدالەت. بەمشێوەیە شەریعەتی یاسایی و ئاییینی بە توندوتیژی درا. لەم سی ساڵەی ڕابردووشدا، دادگاکانی شۆرش و هەروەها سپای پاسداران ئێرانیان بەو جێگەیە گەیاندووە کە یەکێک بێ لەو وڵاتانەی کە زیادترین رێژەی لە سێدارەدانیان لە دونیادا هەیە.

دروشمەکانی "سەربەخۆیی، ئازادی و جمهوری ئیسلامی" کە سەنبولی ئەو کۆمەڵگا دێموکراتە بوون کە ڕاپەڕیوان ئامانجیان بوو، زۆر زوو لە لایەن حکومەتی دوای ڕاپەڕین گۆڕدرا، و ئەوان خەڵکیان بە کەلتووری توندوتیژی ئاشنا کرد. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش، شەپۆلی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانزووخەڵکی وڵاتی گرتەوە. حکومەتی تازە هاتووە سەرکار نیشانەکانی دەسەڵاتێکی توندوتیژی پێوە دیار بوو کە خۆی لە لایەک لە سەرکوتی کەمایەتییەکان، ژنان و جیابیراندا دەردەخات، و لە لایەکی دیکەشەوەلەهەبوونی ئۆرگانێکدا،واتە سوپای پاسداران کە بەرێوەبەری ئەو کارانەن. بەپێی دەستووری کۆماری ئسلامی (قانون اساسی) سپای پاسداران تەنیا بەرپرسیارێتی بەرگری کردن لە سنوورەکانی وڵاتی لە ئەستۆ نیە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینیشی لەسەر شانە کەبریتییە لە بەرێوە بردنی شەڕی پیرۆز (جیهاد) و هەروەها خەبات لە پێناو بڵاو کردنەوەی سەروەری یاساکانی خودا لە جیهان دا.

وڵاتە ئاوتۆریتەرەکان (استبداد) لەسەر کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بنیاتنراون کە دەسەڵات بە کاربەدەستان دەدەن بە دڵخوازی خۆیان یاساکان لە دژی ئەو کەسانەی کە دژایەتی دەسەڵاتی بێ سنووری ئەوان دەکەن، بەکار بهێنن. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کۆمەلێک یاسا و ڕێسا بەکار دەهێنێ کە هۆکاری پەرەسەندنی توندوتیژین و هەروەها سیمای پێکهاتەی حکومەت شێوەی ژیان لە ئێراندا نیشان دەدەن.لە یەکەمین ساڵەکانی دوای شۆرش دادگاکانی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنی چەند چرکەیی دا تاوانی "بڵاو کردنەوەی فەساد لە سەر زەوی" یان بە سەر هاوڵاتییان دا دەسەپاند کە هەموو چین و توێژەکانی دەگرتەوە، پێش ئەوەی کە لە سێدارەیان بدەن و دواتروێنەی جەستەی گوللەبارانکراوی ئەوانیان لە رۆژنامە نەتەوەییەکان دا بڵاو دەکردەوە.ئەمەش ئامرازێکی تربووبۆبڵاو کردنەوەی توندوتیژی.کۆمەڵێک دەستبەسەرکردنی نایاسایی، ئینکاری کردن لە دادگایەکی عادلانە و لە سێدارەدانی بەپەلە ئەوە دەردەخەن کە حکومەت ئەو دەستوور و یاسایانەی کە بۆخۆی داڕێژەری بووە،لەبەرچاو نەگرتووە . لەم ساڵانەی دوایی دا بەداخەوە کۆمەڵێک تۆمەتی تری وەک "هەنگاونان لە دژی ئەمنیەتی نیشتمانی" و "پڕوپاگەندە کردن لە دژی نیزام" لە لایەن دادگاکانەوە بەکار دەهێنرێ. ئەو کەسانەی کە سزای مردنیان بەسەردا دەسەپێ، هەموو کات بە شاراوەیی و لە پشتی دیواری گرتووخانەکان دا لە سێدارە نادرێن، بەڵکو هەندێك جار لەبەرچاوی خەڵکیش گوللەباران دەکرێن. حکومەت کۆمەڵێکی بەرچاو، پێکهاتوو لە پیرو لاو کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی کە شاهیدی یەکێک لە درێژخایەنترین و پڕ لە ئازارترین شێوەکانی سزادان، واتە سزای هەڵواسین بن.

جگە لەمانەش، کۆمەڵێک یاسا و بۆچوون رێگە بە گروپە توندئاژۆکان و پیاوە ئایینییەکانی لایەنگری حکومەت دەدەن تا ڕێگر بن لە دەستڕاگەیشتن بە مافە مەدەنیەکان، ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لە"ئیسلامی بوون" وەک مەرجێک بۆ سوودمەندبوون لە ئەو مافانە. بە هۆی ئەو لێکدانەوە بیرتەسکانەی کە ناوبراوان هەیانە و بە پشتبەستن بە "ئیسلامی نەبوون" ی ئەو مافانە، چالاکان، جیابیران، رۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و هاوڵاتیانی ئاسایی لەگەڵسانسۆر،هەڕەشە، ئەشکەنجە و تەنانەت لە سێدارەدانش ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەوەش دەتوانرێ وەک هۆکارێکیدیکە سەیر بکردرێ بۆ زیادبوونی بارگرژی لە نێوان بەشێکی کەم کە هەموو دەسەڵاتەکانیان لەژێر دەستی خۆیاندا کۆکردۆتەوە و زۆرینەی خەڵک، بەتایبەت ژنان، مندالان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان کە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشن.

لە ئیێرانی ئەمرۆدا، یاساکان و هەروەها پڕوپاگەندەکانی حکومەت هاندەر بوون بۆ بلاو کردنەوەی توندوتیژی، بەشێوەیەک کە توندوتیژی بە سەر پێوەندییەکانی نێوان حکومەت و خەڵکدا زاڵە. ئەوەی کە پێوەندی بە دەوڵەتەوە هەیە سیاسەت بە گشتی، سیاسەتی مەدەنی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی هەڵگری لایەنی توندوتیژن. ئەوەی کە پێوەندی بە هاوڵاتیانەوە هەیە، توندوتیژی جەستەیی (فیزیکی)، سێکسی و لەفزی (لفظی) تێکەڵ بە پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بووە. ئەم دیاردەیە هەموو هاوڵاتیانی ئێرانی گرتۆتەوە و ڕێگەخۆشکەربووە بۆ گواستنەوەی ئەفکاری توندوتیژی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەمەش بەو خوێندنەوە بیرتەسکانەی کە ئەوان بۆ یاسا ئیسلامیەکان هەیە و هەروەها بە دان پێدانەنان بە جیهانی بوونی مافەکانی مرۆڤ.

لە ڕاستی دا دەکرێ کە دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی وەک "نیزامێکی چاوەدێریکەر" پێناسە بکرێن کە ژیانی مرۆڤیان هیچ بەلاوە گرینگ نیە. بە پێی بەرنامەیەکی داڕێژراو سیاسەتەکانی حکومەت بەرهەمهێنەری توندوتیژیەکن کە بەهاکانی کۆمەلگەیان گۆڕیوە و هۆکاری بڵاو بوونەوەی توندوتیژی بەگشتی و تەنانەت تووندوتیژی خێزانیشن. لە پەرەپێدان بە ئەم دیاردەیەدا دەوڵەت، هێندێک کەسانی وەک بۆ نموونە پێشنوێژەکان و مێدیاکارە بەهێزەکان هاوکار بوون.

لەکاتێکدا کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تەواوی سەرنجی داوەتە سەر پرسە ئەمنییەکان، وەک ئەوەی کە لە دانیشتنەکانی پێوەندیدار بەبەرنامەی ناوەکی دا دەردەکەوێ، ئەمجارە گۆڤاری "مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" دەیهەوێ کە سەرنجی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ لای هەردوو پرسگرێکی ئاماژە پێکراو، واتە پرسی بەرنامەی ناوەکی و هەروەها پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕابکێشێ.ئاواتی ئەوە دەخوازین کە بە تیشک خستنە سەر کەلتووری توندوتیژی لەم ژمارەیەی خۆیدا، گۆڤاری "مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" ئامرازێک بێ بۆ وەبیرهێنانەوەی بڕیاردەران کە پرسیمافەکانی مرۆڤ تەنیا پرسی کۆمەڵە هاوڵاتیەکی دیاریکراو نیە.دیاردەی گیرۆدەکەری توندوتیژی وەک لە پێشێل کردنی سەختی مافەکانی منداڵان، لاوان، ژنان و پیاوانی دانیشتووی کۆماری ئیسلامی دا وەبەرچاو دەکەوێ، ئەو پێویستیە دەردەخات کە دەبێ پرسەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ بەشی سەرەکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دانووستاندن و سیاسەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا پێکبهێنێن. نموونەی وڵاتانی ئەفریقای باشوور و ئارژانتین ئەوە نیشان دەدەن کە تەنیا کاتێک کە مافەکانی مرۆڤ شوێنی توندو تیژی بگرنەوە، دەتوانرێ ئەمن و ئاسایش چ لە ئاستی نێوخۆیی بێ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی دابین بکردرێ.

هەروەها ئامانجی ئەو گۆڤارە ئەوەیە کە پرسیاری زیاتر بووروژێنێ، هاندەر بێ بۆ خستنە ڕووی داواکاری زیاتر، و هەروەها تیشک بخاتە سەر پێویستی ئەوەی کە دەبێ پسپۆڕانی نێونەتەوەیی لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا لە هێندێک ڕوانگەی دیکە بکۆڵنەوە، ئەمانەش بە ئامانجی گۆڕینی ئەو کەلتوورە توندوتیژییەی کە لە ئێستا دا هەیە و لە ناو جەرگەی یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن بە ئامرازهایەکی دوور لە توندوتیژی. لە مێژوودا ئەگەری سەرکەوتنی ئەو جووڵانەوانەی کە دووربوون لە توندوتیژی زیاتر بووە لە ئەوانەی کە ئەجێندایەکی توندوتیژیان هەبووە. ئەو ڕاستییە دەتوانێ خاڵێکی هاندەر بێ بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە خەبات لە پێناوی ئێرانی داهاتوو وەک هێزێکی سەرەکی ناوچەکە دا دەکەن. گۆڤارەکەمان هەروەها بە پێویستی دەزانێ کە سەرنج ڕابکێشێ بۆ ئەو قەیرانە سیاسی و مۆراڵییەی (ئەخلاقی) کە ناوەند و جەرگەی کۆماری ئیسلامی تووشی بووە، و هەروەها بۆ پێویستی گونجاندنی یاساکان لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و ئەو بەهاگەلەی کە ئاکامی گۆڕانی کۆمەڵگا و هاونیشتمانانن.

ئەو گۆڤارە سوودمەندە لە زانیاری و بۆچوونی کۆمەڵە دەنگێکی خاوەن ئەزموونێکی زۆر لە نێوخۆی ئێرانەوە کە کێشەکان لە بنەڕەتدا دەناسن. هەروەها دوو کەسی سەرەکی لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بە بەشداریان ئەو گۆڤارەیان دەوڵەمەندتر کردووە. جگە لەمانەش پرۆفەسۆر پەیام ئەخوان، پسپۆڕ لە بواری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کە ئەو پێشێلکاریانە زۆرجار لە ئاکامی بەکارهێنانی توندوتیژی ڕوودەدەن و یان توندوتیژیان بەدواوەیە، بە خستنە ڕووی ئەزموونەکانی خۆی قالبێكی گشتی بەم گۆڤارە دەبەخشێ.

مەحمود ئەمیری-موقەددەم و تەباسۆم فەننایان لە سزای لە سێدارەدان لە ئێران دەکۆلنەوە و بڕوایان وایە کە ئەو سزایە بەشێوەیەک بەڕێوە دەبردرێ کە ترس لەناو کۆمەلگادا بڵاو بکاتەوە. ئەوان دەڵێن کە ئێران زیاترین رێژەی لە سێدارەدانی لەبەرچاوی خەڵک هەیە و ئەو ڕێژەیەش لەم ساڵانەی دوایی دا، واتە لە دوای خۆپێشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی سالی 2009، لە زیادبوون دایە.ئەوانسەرنج ڕادەکێشن بۆ کوشتنە نهێنییەکان، کە نە پارێزوەر و نە بنەماڵەی قوربانیەکان لە ڕووداوەکە ئاگادار دەکرێنەوە. هەروەها بۆ سزای لە سێدارەدان وەک ئامرازێک لە شەڕی ئێران لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان، کە هاوکاری نێودەوڵەتیشی هەبووە.

موسا بەرزین خەلیفەلوو بناغە یاساییەکان بۆ بەرێوەبردنی چالاکییەکانی سوپای پاسداران و بەسیجی سەر بە ئەو دەخاتە ڕوو. ناوبراو لە سەرەتاکانی هەردووکیان دەکۆلێتەوە، و هەروەها لەوەی کە چۆن رۆڵی ئەوان بەو جێگایە گەیشت کە بتوانن پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ئایینییەکانی دەوڵەتی ئێران لە نێوخۆ و لە دەرەوە بکەن.خەلیفەلوو هەروەها لە ڕۆڵی ئەو دوو ڕێکخراوەیە لە پەرەپێدان بە هێندێک دەستووری تایبەت بە ئەخلاقی گشتی(کۆدی شەریعەتی ئیسلامی)، و هەروەها لە سەرکوتکردنی چالاکییەکانی گروپە بەرهەڵستکارەکان لە ئێران دەکۆڵێتەوە. ناوبراو پێیوایە کە ترس و توندوتیژی لەناو جەرگەی چالاکیەکانی ئەو دوو ڕێکخراوەیەوە سەرچاوە دەگرن و ئەو تاکتیکەش لە یاساکان و دەستوری کۆماری ئیسلامی دا ڕەگی داکوتاوە.

مەهناز پەراکەند لە پرسی بەکارهێنانی توندوتیژی لە بەرامبەر زیندانیانی سیاسی لە لایەن حکومەت، کاربەدەستانی دادگاکان و ئاسایش دەکۆڵێتەوە. ناوبراو ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەستبەسەرکردن، لە گرتووخانەدا هێشتنەوە و دادگای کردنی زیندانیانی سیاسی زۆرجار لەگەڵ یاساکانی ئێران و یان ستانداردە نێونەتەوەییەکانی وەکو دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری یاسایی، وەرگرتنی زانیاری لە پێوەندی لەگەل کەیسەکەیان و

یان ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەیان، ناگونجێن. بەکار هێنانی توندوتیژی جەستەیی (فیزیکی) و ڕاگواستنی نایاسایی زیندانیانی سیاسیش بەهەمان شێوە لەگەل نۆرمە نێونەتەوەیەکان دژایەتییان هەیە.

ڕێکخراوی "عەدالەت بۆ ئێران" چەندین جۆری دەستڕێژی سێکسی (ئەشکەنجەی سێکسی) دەخاتە ڕوو کە لەلایەن کاربەدەستانی پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی گرتووخانەکانەوە بەرامبەر بە ژنانی زیندانی ئەنجام دراون. ناوبراو بە تایبەت تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە شێوەکانی ئەشکەنجە کە بریتییە لە دەستڕێژی کردنە سەر کچان پێش ئەوەی کە لە لەسێدارە بردرێن. ئەو سزایە زیاتر لە ساڵەکانی 1980 دا بەڕێوە براوە. هەروەها تیشک دەخاتە سەر دوایین سیاسەتەکانی حکومەت لەم پێوەندییەدا، کە قوربانیان جگە لە دەستڕێژی سێکسی، بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی رووحی دەبنەوە.

بابەتەکەی حوسێن رەئیسی بناغە دەستووری و یاساییەکان بۆ هەڵاواردنی کەمایەتییە( ئایینییە) غەیرە شیعەکان و کەمایەتییە (نەتەوەییە) غەیرە فارسەکان لە ئێران دا دەخاتە ڕوو. ناوبراو سەرنج ڕادەکێشێ بۆ کۆمەڵێک لە مادەکانی دەستووری کۆماری ئیسلامی کە هۆکار و رێگەخۆشکەر بوون بۆ دام و دەزگاکانی دەوڵەت تا لە بەرامبەر کەمایەتییەکان دا سیاسەتی هەڵاواردن بەڕێوە ببەن. ئەو مادانە بەرێوەبردنی هێندێک چالاکی ئایینی کەمایەتیەکان لە شوێنە گشتیەکان وەک "چالاکی لەدژی دەوڵەت" پێناسە دەکەن. ناوبراو هەروەها رۆڵی زمان وەک ئامرازێک بۆ ڕێگرتن لە بەشداری کەمایەتییەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا دەخاتە ڕوو، بەتایبەت بە تیشک خستنە سەر هەڵاواردن لە سیستەمی خوێندن دا بۆ ئەو کەسانەی کە زمانی دایکیان فارسی نیە.

رێکخراوی "هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژی توندوتیژی" ئەو دیاردانە دەخاتە ڕوو کە رێگە دەدەن هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی دەوڵەت وەک پەرپێدەری توندوتیژی دژی منداڵان سەیر بکردرێن. ئەوان تیشک دەخەنە سەر سێ باسی سەرەکی: هەڵسوکەوت لەگەل ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ دایکیان لە گرتووخانەن، لەسێدارەدانی ئەو مێرمنداڵانەی کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی و یان لەکاتی ئەنجام دانی جورمەکەیاندا بەو تەمەنە نەگەیشتبوون، و هەروەها هێندێک یاسای نوێ کە ڕێگە دەدەن بە ئەو کەسانەی کە چاوەدێری منداڵەکانیان کردووە، ژیانی هاوسەرییان لەگەل پێکبهێنن.

مەدیح قادری بناغە دەستووری و یاساییەکان بۆ هەڵاواردنی ژنان لە ئێران دا دەخاتە ڕوو، و هەروەها لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئەوهەڵاواردنەلە ژیانی ڕۆژانەدا چ مانایەکی هەیە. ناوبرا تیشک دەخاتە سەر هێندێک پرسگرێک وەکو ڕۆڵی دیاریکراوی پیاوان وەک سەروەری ماڵ و کاریگەرییەکانی ئەو دیاردەیە لەسەر ژیانی بنەماڵەیی ژنان، جودابوونەوە (تەڵاق)، چاوەدێری منداڵ، فرەژنی و پرسەکانی پێوەندیدار بە میراس.روحی شافعی ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن دەوڵەتی ئێران لە پەرەپێدان بە توندوتیژی لە دژی ژنان یارمەتیدەر بووە. بابەتەکەی ناوبراو تیشک دەخاتە سەر هەڵاواردنی سیستماتیکی ژنان لە یاساکانی پێوەندیدار بە بنەماڵە دا، و پێیوایە کە ئەوانەش فاکتەرێک بوون بۆ کوشتنی پیاوان لە لایەن ژنانەوە بە مەبەستی ئەوەی کە لەدەست ئەوان ڕزگاریان بێ. ناوبراو هەروەها ئاوڕ دەداتەوە لە بارودۆخی ئەو ژنانەی کە گەورەی ماڵن، و هەروەها لە ئەوانەی کە تێکەڵ بە کاری لەشفرۆشی و یان گیرۆدەی مادەهۆشبەرەکان بوون.

نەسرین ئەفزالی ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن سەرپۆش (حیجاب) لە مانگ و ساڵەکانی دوای شۆرشی ئیسلامی ساڵی 1979 بەسەر ژناندا سەپا، و هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن پۆشینی سەرپۆش بوو بە بەشێک لە یاسای مجازاتی ساڵی 1983. ئەفزالی هەروەها ڕۆڵی بەسیج و هێزەکانی پۆلیس لە پەیڕەوی کردنی یاساکانی پێوەندیدار بە سەرپۆش لە شوێنی کار، شوێنە حکومی و گشتییەکان دەخاتە ڕوو.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییانەی کە لە بابەتەکانی ئەمجارەی گۆڤاری "مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" دا خراونەتە ڕوو، ئەو پێشنیارانەی خوارەوە پێویست و بەجێن:

  • دەکرێ بڕیاردەرانی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ پەروردەی چالاکوانانی مەدەنی سەر بە کۆمەلگا پەراوێزخراوەکانی ئێران، هاوکات لەگەڵ پەروەردەی دوور لە توندوتیژی

  • کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەبێ گۆڕانکاری لەو یاسایانەدا پێکبهێنن کە بەشێک لە کۆمەڵگا، واتە ژنان، کەمایەتییە ئایینیی، نەتەوەیی و ڕەگەزیەکان (مەبەست لە هاوڕەگەزەکانە) هەڵداوێرن

  • دەبێ هەلی زیاتر بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژنان و منداڵان بڕەخسیێندرێ بۆ ئەوەی کە بتوانن پەرە بە "کەلتووری مافەکانی مرۆڤ" بدەن. هەروەها دەبێ کە خەڵکی ئێران دەستیبگات بەو مافانە لە رێگەی ئەنتەرنێت، مێدیاکان و یان لە هەر رێگەیەکی دیکەوە بێ

  • گرینگی زیاتر بدرێ بە ڕۆڵی یاسا، و هەروەها کۆمیسیۆن و دادگاگەلێک دابمەزرێن کە لە ڕاستی ڕووداوەکان و بەسەرهاتی قوربانیانی پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ بکۆڵنەوە، بەتایبەت لەو قوربانییانیەی کە ژنن ویان سەر بە کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێرانن

  • بە شێوەی بەردەوامو زیاتر هاسانکاری بکرێ بۆ بەشداری لاوانی ئێرانی لە خوولەکانی پەروەدە و ڕاهێنان کە تیشک دەخەنە سەر لایەنە مێژوویی، تێئۆری و پراکتیکییەکانی کەلتووری دوور لە توندوتیژی

  • ڕێگە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کە پێشگیری بکردرێ لە پەرەپێدانی کەلتووری توندوتیژی لە نێوخۆ و لە دەرەوە لە لایەن کاربەدەستان و حکومەتی کۆماری ئیسلامیەوە

  • کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هانبدرێن بۆ ئەوەی کە بەیاننامە نێونەتەوەییەکان بێمەرج واژۆ بکەن، کە لەنێویان دا "بەیاننامەی پێشگیری لە هەموو چەشنە هەڵاواردنێکی ژنان" و هەروەها "بەیاننامەی پێشگیری لە ئەشکەنجە" بەدی دەکرێن

  • هاسانکاری بکردرێ بۆ پەرەپێدان بە پێوەندیییە نێونەتەوەییەکانی ئەو سەرۆکانەی وڵاتانی باشووری زەوی کە دانیان بە سەروەری مافەکانی مرۆڤ داناوە لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بکردرێ

پی دی اف دانلوود کنید
همچنین در دسترس: English فارسی آذری